مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، نوێترین دیدگای هێزەکەی بۆ ئایندەی سووریا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و دەستووری بەردەوامە، بە شێوەیەک کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دەستەی ڕاوێژکاری بۆ پشتیوانیکردنی "لیژنەی گفتوگۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا"، مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگەی ڕزگارکردنی سووریا لە قەیرانەکان، پەیڕەوکردنی سیستەمێکی "لامەرکەزی"یە. وتیشی: "دەمانەوێت خەڵکی ناوچەکە خۆیان کاروبارەکانیان لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا بەڕێوەبەرن."
سەبارەت بە دۆخی سەربازی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە لێکتێگەیشتنی باش بۆ تێکەڵکردن و یەکخستنی هێزە سەربازییەکان هاتووەتە ئاراوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی وڵاتدا بگونجێت. هەروەها ئاشکرای کرد پێشکەوتنی بەرچاو لە دروستکردنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە و سنوورەکان بەدی هاتووە.
مەزڵووم عەبدی لە گوتارەکەیدا پەیامێکی دڵنیایی دا و ڕایگەیاند: "سەروەت و سامانە ژێرزەمینییەکان هی هەموو گەلی سووریایە." هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرچەندە هەندێک پرسی دەستووری پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام گەشبینە بەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوی پرسەکان.
ئەم لێدوانانەی عەبدی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکاریی سیاسیی خێرادا تێدەپەڕێت و گفتوگۆکان بۆ داڕشتنەوەی نەخشەڕێگەی نوێی سووریا لە قۆناغێکی هەستیار دان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.