کەنەدا بە فەرمی ناوی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەرهێنا و سزاکانی سەر "دەستەی تەحریری شام"ـیشی لابرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە هاوتەریبە لەگەڵ هەنگاوەکانی هاوپەیمانەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی سووریا.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ناوی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر سڕیوەتەوە و پۆلێنکردنی "دەستەی تەحریری شام"ـیشی وەک قەوارەیەکی تیرۆریستی هەڵوەشاندووەتەوە، بەمەش پەیوەندی بەو زنجیرە وڵاتانەوە کرد کە پێشتر سزاکانیان لەسەر دیمەشق سووک کردبوو.
ئەم هەنگاوەی کەنەدا دوای ئەوە دێت کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا، دەستەی تەحریری شام کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا هێنا و حوکمڕانیی وڵاتەکەی گرتە دەست.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە "ئەم بڕیارانە بە ئاسانی نەدراون، بەڵکوو هاوتەریبن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی بەم دواییە لەلایەن هاوپەیمانەکانیانەوە دراون، بەتایبەتی بریتانیا و ئەمریکا، هەروەها وەک پاڵپشتییەکە بۆ ئەو هەوڵانەی حکوومەتی کاتیی سووریا دەیدات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا".
کەنەدا لە ساڵی 2012 ناوی سووریای خستبووە لیستی "وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر"، دوای ئەوەی سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئەسەد دژی خۆپیشاندەران وڵاتەکەی بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی برد. هەروەها سزای بەسەر دەستەی تەحریری شامدا سەپاندبوو بەهۆی پەیوەندییان بە "ڕێکخراوی ئەلقاعیدە"وە، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ باشترکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکەی سوریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، ناوی دەستەکەیان لە لیستەکانی تیرۆر دەرهێنا.
سەرباری ئەم بڕیارانە، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاشکرای کردووە کە سزاکانی سەر 56 کەسایەتیی سووریای هێشتووەتەوە، کە پێکهاتوون لە بەرپرسانی پێشووی سەردەمی ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.