وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەی چوارشەممە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی حكوومەتی فیدڕالی عێراق دەكرێت.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە "ئەمڕۆ سێشەممە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئەیلوول بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ نێردرا".
هەروەها بڵاوی كردەوە "سبەی چوارشەممە بڕی 120 ملیار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئەیلوول بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
چاوەڕوان دەكرێت بە رادەستكردنی ئەو 120 ملیار دینارەی داهاتی نانەوتی، بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.