بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران هەیەتی بەشی دروستكردنی 10 بۆمبی ئەتۆمی دەكات.
رافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی (ئەسۆشەیتد پرێس) رایدەگەیەنێت: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەم دواییانە تێبینی ئەوەی كردووە ئێران دووبارە دەستی بە چالاكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم كردۆتەوە.
راشیگەیاندووە: بەپێی بەدواداچوونەكانمان تا ئێستا ماددەی یۆرانیۆنی پیتێنراو بە رێژەی 60% لە ئێران ماوە، بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆ دەكەین.
رافایێل گرۆسی جەختیشی كردەوە: یۆرانیۆمی پیتێنراوی كۆگاكراو لە ئێران بەشی دروستكردنی 10 بۆمبی ئەتۆمی دەكات ئەگەر ئەو وڵاتە بڕیار بدات بۆ لایەنی سەربازی بەكاری بهێنێت.
بەگوێرەی دوایین بەدواداچوونەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەنی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە و ئێستا رێژەی پیتاندنەكەی گەیشتۆتە 60%، ئەگەر لە پیتاندندا بگاتە رێژەی 90% دەگات بە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.
لە مانگی تەمووزی رابردوو و دوای هێرشە 12 رۆژییەكەی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە هەموو جۆرە گفتوگۆ و مامەڵەیەكی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پچڕاندووە و تا ئێستا گفتوگۆكان بەشێوەی فەرمی دەستیان پێ نەكردۆتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.