جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەموو لایەک دەکات هێمنی لە شارۆچکەی پردێ بپارێزن و ڕێگری لە هەر گرژییەک بکرێت کە برایەتیی نێوان پێکهاتەکان دەخاتە مەترسییەوە. هاوکات ئاشکرای کرد، پەیوەندیی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکەوە کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمشەوی شارۆچکەی پردێ، داوای لە هەموو لایەک کرد هێمنی بپارێزن.
لە پەیامەکەیدا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەک دەکەم هێمنی بپارێزن و ڕێگە لە هەر گرژییەک بگیرێت کە برایەتیی نێوان پێکهاتەکان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها ڕێگە نادەین هەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان، ئارامی و پێکەوەژیان لەو شارەدا بە ئامانج بگرن".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "بۆ ئەو مەبەستە، پەیوەندیم بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و بەرپرسی بەشێک لە حزبەکانی شارۆچکەکەوە کرد، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکان بهێنرێت و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی پارێزراو بێت".
لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "خودای گەورە شارۆچکەی پردێ و خەڵکەکەی بپارێزێت".
شەوی رابردوو 24ـی تشرینی یەکەم، ئاڵۆزی لە نێوان لایەنگرانی لایەنێکی تورکمانی و ژمارەیەک گەنجی کورد لە پردێ ڕوویدا و دواتر بۆ هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.