ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵا ناسر لوتاە یاریدەدەری وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کێبڕکێ کرد.
سەرۆکی حکوومەت پێزانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیمارات و بە تایبەتی سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیران شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم دەربڕی بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی حکوومی و بەشداریکردنی شارەزاییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
لەمیانەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە بەهێزکردنی هاریکاری لەنێوان هەردوولادا کرا و زیاتر لە 30 دەستپێشخەرییان ڕاگەیاند بە سوودوەرگرتن لە شارەزاییی ئیمارات لە بوارەکانی؛ سیستەمی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی حکوومی کە داشبۆردێکی ناوەندی بۆ حکوومەتی هەرێم دابین دەکات بۆ چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان لە هەموو وەزارەتەکاندا، هەروەها بڕیاردان باشتر و بەرپرسیارییەتی بەهێز دەکات. دەستپێشخەریی کۆدنووسانی کوردستانیش ڕاگەیەنرا، کە ئامانجی ڕاهێنانی 30 هەزار گەنجە لە بواری کۆدنووسین، زیرەکیی دەستکرد و شارەزاییی دیجیتاڵی، کە توانای نەوەی داهاتووی داهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان بەهێزتر دەکات.
شاندی ئیماراتی تیشکیان خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان کە دەستنیشانکردنی بوارەکانی هاوکاریی دوولایەنەیە، لەوانە ستراتیژی دیجیتاڵکردنی حکوومەت، پێشبینیی داهاتوو، وەبەرهێنان و ئابووری، چاودێریی تەندروستی، گۆڕانی کەشوهەوا، فڕۆکەوانی و پێشخستن و بنیاتنانی توانا مرۆییەکان و بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.