Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 19:19

بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێن

کوردستان TV
100%

بەریتانیا و كەنەدا و ئوسترالیا ئەمڕۆ یەكشەممە بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین دانا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری نێوان هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و فەڵەستیندا.

 

ئەنتۆنی ئالبانیز سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئوستڕالیا بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەڵەستین داناوە، لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بۆ زیندووکردنەوەی بزووتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەزە و ئازادکردنی بارمتەكان لەوێ دەست پێ دەکات.

ئالبانیز سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا جەختیشی لەوە کردەوە کە بزووتنەوەی حەماس نابێت هیچ ڕۆڵێکی لە فەڵەستیندا هەبێت.

 

لەلایەکی دیکەوە، مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کەنەدا دانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە و پێشنیاری کارکردن دەکات لە هاوبەشیدا بۆ پێشخستنی بنیاتنانی داهاتوویەکی ئاشتیخواز و بەڵێندەر بۆ هەردوو دەوڵەتی فەڵەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل.

 

کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیی لە هەژمارەکەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: بۆ زیندووکردنەوەی هیوای ئاشتی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان و گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی، بەریتانیا بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەڵەستین دانا.

 

هەروەها کییەر ستارمەر گوتی: فەرمانم دا بە کارکردن لەسەر سەپاندنی سزاکان بەسەر کەسایەتییەکانی دیکەی حەماس لە هەفتەکانی داهاتوودا. ئاماژەی بەوەش دا کە هیوا بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی کەم دەبێتەوە، بەڵام ناتوانین ڕێگە بدەین ئەم ڕووناکییە بکوژێتەوە.

 

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت تا کاتی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر ئیسرائیل هەنگاوی بنەڕەتی بۆ ڕاگرتنی ئاگربەست لە غەزە نەنێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.