بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، سێ گەشتیاریان رزگارکردووە کە لە ناوچەیەکی گەشتیاریی سنوورەکە لەلایەن ئاژەڵانی دڕندەوە گەمارۆدرابوون. بەرگریی شارستانی دەڵێت، هاووڵاتییەکان مەترسی لەسەر گیانیان دروست ببوو، بۆیە دەستبەجێ تیمەکانیان ناردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سۆران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمەکانیان سێ گەشتیاریان رزگارکردووە کە لە مەترسیدا بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە کە سێ هاووڵاتیی دانیشتووی پارێزگای هەولێر، کە بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان لە دەوروبەری گوندی بەرزیوە کردبوو، لەلایەن ئاژەڵانی دڕندەوە گەمارۆدراون و مەترسی لەسەر گیانیان دروست بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ دوو تیم لە بەرگریی شارستانیی سۆران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی خۆجێی سنوورەکە، رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی هاووڵاتییەکان و گیانیان پارێزراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.