وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە بە بڕیارێك، چوار گرووپ و میلیشیای عێراقی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانی ئەمریكا دێت بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لەو وڵاتە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە: ئەو گرووپە میلیشیایانەی عێراق كە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە بریتین لە (بزووتنەوەی نوجەبا، كەتائیب سەید شوهەدا، بزووتنەوەی ئەنساڕوڵای ئەوفیا، كەتیبەی ئیمامی عەلی).
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەروەها رایگەیاندووە: ئەم گرووپە میلیشیایانەی كە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، لە ماوەی رابردوودا بەشدارییان لە هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان كردووە، بە هاوبەشی لەگەل فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كار دەكەن كە ئەویش رێكخراوێكی تیرۆریستییە.
وەزارەتەكە لە راگەیەنراوەكەدا باسی لە كەتائیبی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقیش كردووە كە لە ساڵانی 2009 و 2020 خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەم دوو رێكخراوەش هاوكارییە دارایی و سەربازییەكانیان لە ئێران وەردەگرن. جەختیش لەوە كراوەتەوە كە لە ماوەی رابردوودا لە چەند بۆنەیەكدا هێرشیان كردۆتە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە ناوخۆی عێراقدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.