Erbil 31°C سێشەممە 08 ئەیلوول 08:46

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی دیپلۆماسی و بازرگانی وڵاتی هۆڵەندا کرد، کە پێکهاتبوون لە ئادریان ئایلستاین کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری کۆمپانیا هۆڵەندییەکان، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی کاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان بوو لە هەرێمی کوردستان.

 وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەیی تەواوی حکوومەت و وەزارەتی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەر دەستپێشخەرییەک لە بواری پیشەسازی و بازرگانی ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەت هەمیشە پشتیوانی وەبەرهێنان و بازرگانی دەرەکی بووە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و سەرمایەی بیانی بۆ پێشخستنی ئاستی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمدا، هەروەها گوتی: "پێشمان باشە پەیوەندییەکانمان زیاتربکەین لەڕووی بازرگانی و کۆمپانیای بیانی بێن کاربکەن لەناوچەکە."

لە لای خۆیانەوە نوێنەرانی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان کە لە بوارە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ سەلامەتی هاتوچۆ و ڕێگاوبان وەبەرهێنان و بیناسازی کار دەکەن خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە هەلی کارکردن لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها کونسوڵی گشتی هۆڵەندا سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کرد لەگەڵ تیم و کۆمپانیا هۆڵەندییەکان ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ کردنەوەی ناوەندێکی بازرگانی هۆڵەندی-کوردستانی کە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ فراوانکردنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان هەردوو لادا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.