سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندەکانیان لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەسەر داهاتە نانەوتییەکان و نزیکن لە گەیشتن بە تێگەیشتنی کۆتایی. سەبارەت بە نەوتیش گوتی، "ئەوەی ماوە خاڵێکە لەنێوان کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی، چونکە کۆمپانیاکان گەرەنتییان دەوێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوول، لە میانی بەشداریکردن لە کردنەوەی شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوا پێشهاتەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدای خستەڕوو.
سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند: "ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان و نزیکین لە گەیشتن بە قۆناخی کۆتایی بۆ تێگەیشتن".
سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، مەسرور بارزانی گوتی: "هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی. ئەوەی ماوە خاڵێکە لەنێوان کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵیدا".
سەرۆکی حکوومەت روونی کردەوە، "کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانیان".
ئەمڕۆ سێشەممە، شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر کرایەوە، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و 280 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تێیدا بەشدارن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.