چین لە نمایشێکی سەربازیی گەورەدا بەبۆنەی 80 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و شکستپێهێنانی ژاپۆن، زنجیرەیەک چەکی نەوەی نوێ و توانای سەربازیی خۆی نمایش کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، 3ـی ئەیلول، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی شی جینپینگ، سەرۆکی چین، و 26 کەس لە سەرکردەکانی جیهان، لەنێویاندا کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بە بۆنەی 80 ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، نمایشێکی سەربازی لە "پەکین" بەڕێوە چوو.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی شینخوا ڕایگەیاند: "چین بۆ یەکەمجار هێزی ئەتۆمیی خۆی لە هەر سێ بەشی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی لە لە ڕۆژی سەرکەوتندا نمایش کرد." ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیادبوونی توانای پێشگیریکردنی ناوکیی چین و هێز و پێشکەوتنی تەکنەلۆژییای بەرگریی ئەم وڵاتە.
ئاژانسی تاسیش ڕایگەیاند: چین لەم نمایشە سەربازییەدا بۆ یەکەم جار، مووشەکی ئەتۆمیی جنجلی 1، مووشەکی کیشوەربڕی گولانگ3 کە لە ژێر دەریاوە هەڵدەدرێ و هەر دوو مووشەکی کیشوەربڕی دانگ فەنگ61 و دانگ فەنگ31ی نمایش کرد.
زیاتر لە 10,000 سەرباز، سەدان فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی لەم بۆنەیەدا بەشدار بوون کە تێیدا 45 پێکهاتەی سەربازیی جۆراوجۆر، نوێنەرایەتیی لقە کۆن و نوێیەکانی هێزە چەکدارەکانی چینیان دەکرد، لەوانەش هێزەکانی ئاشتیپارێزی چین کە لەژێر ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاردەکەن.
سەرجەم ئەو چەک و کەرەستانەی نمایش کران لە ناوخۆی چین دروست کرابوون و لە ئێستادا لە خزمەتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدان.
لە نێو ئەو چەکە پێشکەوتووانەی نمایشکران، تانکی 99A بوو، کە بە نوێترین تانکی سەرەکی چین دادەنرێت و تایبەتمەندە بە توانای بەرزی پاراستن، هێزی تەقاندن و جووڵەی خێرا. هەروەها، فڕۆکە و جەنگی نەوەی چوارەم کە دەتوانن لەسەر فڕۆکەهەڵگرەکان هەڵبفڕن و بنیشنەوە، درۆنی دژەفڕۆکە و مووشەکی پێشکەوتوو، لەنێویاندا مووشەکی خێراتر لە دەنگ (Hypersonic Missiles)، نمایش کران.
ئەمە دووەم نمایشی لەو جۆرەیە کە لەلایەن چینەوە بۆ یادکردنەوەی سەرکەوتن بەسەر ژاپۆندا ڕێک دەخرێت، دوای یەکەمین نمایش کە لە ساڵی 2015 و لە 70 ساڵەی ئەم یادەدا بەڕێوەچووبوو. دوایین نمایشی سەربازی گەورە لە پەکین پێش ئەمە، ساڵی 2019 بەبۆنەی 70 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری گەلی چین لە ساڵی 1949 دا بەڕێوەچوو.
نمایشەکە، کە ماوەی 70 خولەکی خایاند، پڕ بوو لە هێمای نیشتمانی، فڕۆکە و هێلیکۆپتەر کە ئاڵای گەورەیان هەڵگرتبوو و فڕۆکەی جەنگی کە بە شێوەی پێکهاتەیی سەرنجڕاکێش بە ئاسماندا دەفڕین. لە کۆتاییدا بە هەڵدانی 80,000 کۆتری ئاشتی و باڵۆنی ڕەنگاوڕەنگ کۆتایی هات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.