Erbil 31°C ھەینی 10 تەمووز 08:34

ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو: ئێران واز لە داگیرکاریی دوورگەکانی ئیمارات بهێنێت

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو جەختی لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە دوورگەکانی "تونبی گەورە"، "تونبی بچووک" و "ئەبوو مووسا" کردووەتەوە و داوای لە ئێران کردووە واز لە داگیرکردنی ئەم سێ دوورگەیەی ئیمارات بهێنێت.

وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی عەرەبیی ئیمارات، بەحرەین، سعوودیە، عومان، قەتەر و کوێت، لە بەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 01ـی ئەیلوول بڵاویان کردەوە، جەختیان لەسەر مافی سەروەریی ئیمارات بەسەر ئەم سێ دوورگەیە و سنووری ئاوی و ئاسمانی و ناوچەی ئابووریی دەوروبەریان کردووەتەوە و ئەم دوورگانەیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی زانیوە.

داواشیان لە ئێران کردووە وڵامی هەوڵەکانی ئیمارات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ڕێگای دیوانی دادی نێودەوڵەتی بداتەوە.

ئیمارات لە ساڵی 1992 بەملاوە داوای کردووە کێشەی ئەم سێ دوورگەیە لە ڕێگای دیوانی باڵای دادوەریی نێودەوڵەتییەوە چارەسەر بکرێت بەڵام داواکەی ئێمارات لە لایەن ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە.

ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو تا ئێستا چەندین جار لە ڕاگەیاندراو و بەیاننامەی جیاوازدا جەختی لەسەر ئەم هەڵوێستە و مافی سەروەریی ئیمارات لەسەر ئەو سێ دوورگەیە کردووەتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵامی بەیاننامەکانی پێشووی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم سێ دوورگەیە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی ئێرانن و هەموو کاتیش وەک بەشێک لەم وڵاتە دەمێننەوە.

پێشتر چەندین وڵاتی جیهان، لەوانەش وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و تەنانەت چین و ڕووسیاش کە هاوپەیمانی ئێرانن، پشتیوانییان لە هەڵوێستی ئیمارات سەبارەت بەم سێ دوورگەیە کردووە و لەمبارەیەوە ڕاگەیاندنی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.