ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، تیمی قایمقامیەتی دەربەندیخان بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی مرداربوونی ژمارەیەکی زۆر ماسی لە بەنداوی دەربەندیخان، دەستبەجێ لیژنەیەکیان پێکهێنا و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە شوێنی ڕووداوەکە.
دوای لێکۆڵینەوە لیژنەکە گەیشتە ئەم ئەنجامانە: نزیکەی 5 بۆ 6 هەزار ماسی مرداربوونەتەوە کە کێشی ماسییەکان بە نزیکەیی 50-60 کگم بووە و جۆری ماسییەکان "چاتکە" بوون.
هۆکاری مردنی ماسییەکان ئەوە بووە کە لە قەفەسی بەخێوکردنی ماسییەکاندا بە بچووکی چوونەتە ژوورەوە و دوای گەورەبوونیان، نەیانتوانیوە بێنە دەرەوە. خاوەن پڕۆژەکە هەستاوە بە پاککردنەوەی قەفەسەکان و دەرهێنانی ئەو ماسیانەی کە بۆ پڕۆژەکەی سوودیان نەبووە.
لیژنە تایبەتمەندەکە هەستا بە کۆکردنەوە و لەناوبردنی ماسییە مرداربووەکان بە شێوازێکی زانستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کاریگەرییە خراپەکانی بۆن و زیانەکانی تری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.