Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 18:45

کۆشکی سپی هەوڵ دەدات ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ بگۆڕێت

کوردستان TV
100%

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، کۆشکی سپی هەوڵی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) بۆ وەزارەتی جەنگ دەدات؛ کۆمارییەکانی کۆنگرێسیش پشتگیریی لەم گۆڕانکارییە دەکەن.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری بەرپرسێکی حکوومەتی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، کۆشکی سپی هەوڵی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ دەدات، گەڕاندنەوەی ناوی وەزارەتی جەنگ بۆ گەورەترین وەزارەت لە حکوومەتدا ڕەنگە پێویستی بە بڕیارێکی کۆنگرێس هەبێت.

گریگ ستیوب، ئەندامی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ویلایەتی فلۆریدا، هەموارکردنەوەیەکی بۆ پڕۆژە یاسای ساڵانەی سیاسەتی بەرگری پێشکەش کردووە کە ناوی وەزارەتەکە دەگۆڕێت؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەبوونی پشتگیریی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس بۆ ئەم گۆڕانکارییە.

ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی: "وەک سەرۆکی ئەمریکا گوتی؛ پێویستە سوپای وڵاتەکەمان تەنها سەرنجی لەسەر بەرگری نەبێت، بەڵکوو سەرنجی لەسەر هێرشیش بێت".

ترەمپ ڕۆژی دووشەممە، لەکاتی قسەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە نووسینگەی خۆی، بیرۆکەی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگی خستەڕوو و گوتی:  "کاتێک ناوی وەزارەتی جەنگ بوو کاریگەرییەکی بەهێزتری هەبوو".

ترەمپ گوتیشی: "ئێمە بەرگریمان دەوێت، بەڵام هێرشیشمان دەوێت... وەک وەزارەتی جەنگ هەموو شتێکمان بردەوە و پێم وایە دەگەڕێینەوە بۆ ئەوە".

وەزارەتی جەنگ بە پڕۆسەیەک گۆڕا بۆ وەزارەتی بەرگری، کە بە یاسای ئاسایشی نیشتمانی ساڵی 1947 دەستی پێ کرد، ئەم یاسایە سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانیی لەژێر یەک ڕێکخراودا بە ناوی دامەزراوەی سەربازیی نیشتمانی یەک خست.

هەموارکردنەوەیەک بۆ یاساکە کە لە ساڵی 1949 دەرچوو، بە فەرمی ناوی "وەزارەتی بەرگری"ی ناساند و بنیاتنانی ئەو پێکهاتەیە بوو کە ئەمڕۆ کاری پێ دەکرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.