Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 18:45

تەنیا چوار وەزیری حووسییەکان لە هێرشی ئیسرائیلدا نەکوژراون

کوردستان TV
100%

لە پاش هێرشی هێزی ئاسمانیی ئسیرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی حووسییەکان لە سەنعا، تەنیا چوار وەزیری کابینەی حووسییەکان زیندوو ماون.

کەناڵی عەرەبییە رایگەیاند ئەحمەد ئەلرەهوی، سەرۆکوەزیران، لەگەڵ وەزیرانی ئابووری، پیشەسازی، سەرمایەگوزاری، کارو و کاروباری کۆمەڵایەتی، داد، وەرزش و لاوان، گواستنەوە و گەیاندن، جێگرانی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری بەرگری و ئەمنی و کاروباری ناوخۆ و جێگری وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکوەزیران لە هێرشەکانی شەوی پێنجشەممەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەنعا کوژراون.

جیا لەمانەش محەممەد ناسر عاتفی، وەزیری بەرگریی حووسییەکان لەم هێرشەدا بە سەختی بریندار بووە و عەبدولکەریم غەماری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانیش لە هێرشێکی دیکە لە دەرەوەی سەنعا بریندار بووە.

کەناڵی حەدەس لەسەر زاری مەهدی مەشات، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی باڵای حووسییەکان، کوژرانی سەرۆکوەزیرانی کابینەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بە کوژرانی وەزیرانی پەروەردە، کارەبا، کاروباری دەرەوە، ناوخۆ و داد کردووە و ڕایگەیاندووە تەنیا چوار وەزیر زیندوو ماون.

ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند هێرشەکە دامەزراوەیەکی سەربازیی بە ئامانج گرتووە کە دەیان کەس لە بەرپرسانی باڵای "ڕژێمی تیرۆریستیی حووسی" لەوێ کۆ ببوونەوە. گوتیشی لەم شوێنە ئەو فەرماندانە کۆ ببوونەوە کە بەرپرسی پەرەپێدانی هێزی سەربازیی حووسییەکان و داڕشتنی پلان و جێبەجێکردنی هێرش لە دژی ئیسرائیل بوون".

دێفرین ئاماژەی بەوەش کرد هێرشەکە دوای دەست کەوتنی دەرفەتێکی هەواڵگری و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی خێرادا لە ماوەی چەند کاتژمێردا جێبەجێ کرا.

سوپای ئیسرائیل پێشتر هۆشداریی دابوو لە وڵامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، کاردانەوەی زۆر توند و بەهێزی دەبێت.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.