لە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات قوربانییانی ئەنفال و دەستی رژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا چارەنووسی زیاتر لە 2800 کوردی ئێزدی دیار نییە.
ئەمڕۆ 30ی ئاب، رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیە، کە بە یەکێک لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت. کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا یەکێک بووە لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم تاوانە، کە لە پڕۆسەی ئەنفالدا گەیشتە لووتکە.
لەو بارەیەوە، د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کوردستان بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە گەورەترین قوربانیی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووە، ئەمەش بێسەروشوێنکردنی کوردە فەیلییەکان لە نێوان ساڵانی 1980-1990، ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی و 182 هەزار کوردی بادینان و گەرمیان لەخۆدەگرێت".
زێباری ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران هاووڵاتیی کوردی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بێسەروشوێن کران، کە تاوەکو ئێستاش چارەنووسی زۆریان نادیارە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە کرد لە رزگارکردنی ناوچە ئێزدییەکان و گوتی: "بۆ شکستپێهێنانی داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان 1814 شەهید و 10725 برینداری داوە و 44 پێشمەرگەش بێسەروشوێنن".
سەبارەت بە هەوڵەکانی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، د. دیندار زێباری رایگەیاند: "لە دوای هێرشەکانی داعش 6417 هاووڵاتیی سڤیلی ئێزدی رفێندران، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رزگارکردنیانی کردە کاری لەپێشینەی خۆی و تاوەکو ئێستا 3590 کەسیان رزگارکراون، بەڵام هێشتا 2827 کەسیان بێسەروشوێنن".
بۆ بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی داعش، زێباری ئاشکرای کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی هەزاران رفێندراوی تۆمار کردووە. تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2025، 2991 داوا و 3290 سکاڵا تۆمار کراون، 3090 قوربانی وەک بێسەروشوێن لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان ناویان هاتووە و 2848 قوربانیش پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رەخنەی لەوەش گرت کە "تاوەکو ئێستا ئەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجام دراون، وەک پێویست لەلایەن ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدۆکیومێنت نەکراون و میکانیزمی دەوڵەتی عێراقیش بۆ سوودوەرگرتن لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا کارا نییە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دیندار زێباری جەختی کردەوە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان دووپات دەکاتەوە، بەڵام پێویستە حکوومەتی فیدراڵی، بە هەستکردن بە ئەرکی یاسایی، دەستووری و ئەخلاقیی خۆی، کەسوکار و هەموو زیانلێکەوتووانی جینۆسایدی ئەنفال و قوربانییانی دەستی رژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.