Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 16:18

دۆناڵد ترەمپ: لەئەمڕۆ بەدواوە چیتر پارە نادەینە ئۆكڕاینا

کوردستان TV
100%

سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە وڵاتەكەی لە ئەمڕۆ بەدواوە چیتر پارە ناداتە ئۆكڕاینا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ دووشەممە بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە چیتر پارە لەدەست نادەین و نایدەین بە ئۆكڕاینا، چونكە وڵاتانی رێكخراوی ناتۆ رەزامەندییان نیشانداوە بودجەی شەڕی ئۆكڕاینا بە ڕێژەی 5% زیاد بكەن.

ئاماژەی بەوەش دا: لەمەودوا ئەمریكا بە بڕی ملیارەها دۆلار چەك و تەقەمەنی و مووشەك و سیستەمی بەرگریی دەفرۆشێتە ناتۆ، ئەوانیش دەیدەن بە ئۆكڕاینا.

جەختیشی كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی رێكخراوی ناتۆ رێككەوتنیان كردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا رێككەوتنە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ترەمپ نەشی شاردەوە كە بەهۆی دەستوەردانی هەندێك كەس، چارەسەركردنی قەیرانی جەنگی رووسیا و ئۆكڕاینا ئاڵۆز بووە.

سەرۆكی ئەمریكا گوتی: دەمەوێت بە روونی بیڵێم كە رێككەوتن لەنێوان رووسیا و ئۆكڕاینا ئاسانە، بەڵام بەهۆی ململانێی راستەوخۆی تاكەكانەوە راگرتنی جەنگی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆز بووە.

ترەمپ جەختیشی كردەوە كە ئەمریكا لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ راگرتنی جەنگ، بەڵام رەنگە بۆ ئەم كارە پێویستیان بە كاتی زیاتر هەبێت.

ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكاتێكدایە كە پێشتر رووسیا چەند جارێك هۆشداری دابوو لە فرۆشتنی چەك بە وڵاتانی رێكخراوی ناتۆ و گواستنەوەیان بۆ ئۆكڕاینا، جەختیشی كردبووەوە كە ئەم كارە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.