Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 18:46

 نەتەوە یەکگرتووەکان: نابێت له‌ غه‌زه‌ نەخۆشخانە و رۆژنامەنووسان بکرێنه‌ ئامانج  

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی كۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ كه‌رتی غه‌زه‌ جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز نابێت رۆژنامەنووسان و نەخۆشخانەکان بکرێنە ئامانج، ئه‌مه‌ش دوای بۆردومانێکی چڕی ئیسرائیل هات بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسڕ لە غەزە كه‌ لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەست دا، لە نێویاندا 5 رۆژنامەنووس هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی ئاب، راڤینا شەمداسانی گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سه‌ر به‌ رێکخراوی نەتەوەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کوشتنی رۆژنامەنووسان لە غەزە پێویستە جیهان تووشی شۆک بکات، نەک ببێتە هۆی بێدەنگی.

جەختی لەوەش کردەوە: هەر شەڕێک رووبدات هه‌رگیز نابێت رۆژنامەنووسان یان نەخۆشخانەکان بكرێنه‌ ئامانج .

گوته‌بێژی كۆمسیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: لە ناوەڕاستی شەڕ و برسێتیدا، هێشتا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسڕائیلەوە رێگری لە رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ چوونە ناو کەرتی غه‌زه‌، کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لانیکەم 247 رۆژنامەنووسی فەلەستینی و جیهانی و عه‌ره‌بی کوژراون

گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر ده‌ڵێت: ئەم ڕۆژنامەنووسانە چاو و گوێی جیهانن، دەبێت بپارێزرێن. هەروەها ئاماژەی بە پێویستی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و سەربەخۆ لە هۆی مردنەکانیان و مەرگی بێشوماری خەڵکی مەدەنی دیکە كردووه‌ بۆ دڵنیابوون لە خزمەتکردنی دادپەروەری.

لای خۆیه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ مەحموود بەسەل گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەزە راگەیاندبوو: باڵەخانەی پزیشکی ئەلیاسین لەناو نەخۆشخانەی ناسڕ لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و لە کاتێکدا تەرمی شەهیدان و بریندارەکان دەگوازرێنەوە ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، كه‌چی جارێکی دیکە شوێنەکە بە هێرشێکی ئاسمانی کرایە ئامانج.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.