وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی گوژمەی سێ پڕۆژەی نوێی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی دا. پڕۆژەکان تایبەتن بە گەیاندنی ئاو و دروستکردنی شەقام و لەسەر داهاتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی جێبەجێ دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا، رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی سێ گوژمە بۆ جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە، گوژمەکان لەسەر رێژەی 100٪ـی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و 17٪ـی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دابین کراون و بەپێی یاسا و رێنماییە داراییەکان رەزامەندیی خەرجکردنیان بۆ دراوە.
پڕۆژەکان بریتین لە:
• راکێشانی تۆڕی ئاو بۆ جیاکراوەکانی 59 و 60ـی کەرتی 2ـی قڕگە.
• راکێشانی بۆریی ئاو لە گەڕەکی راپەڕین.
• جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆنکرێتکردن و دانانی کربستۆن بۆ تۆڕی شەقامی جیاکراوەی نۆکانی 140ـی قڕگە، لەبەردەم وێستگەی ئاوی قڕگە لە گەڕەکی ماردین.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەهەمان شێوە رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی چەندین گوژمەی دیکە دابوو بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری شاری سلێمانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.