Erbil 31°C چوارشەممە 08 تەمووز 01:48

ئیسرائیل پلانی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵای رەت کردەوە

کوردستان TV
100%

حکوومەتی ئیسرائیل، پلانێکی تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری لوبنان و سووریا، سەبارەت بە کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنانی دەکرد.

ڕۆژی یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، کەناڵی جەدیدی لوبنان رایگەیاند ئیسرائیل پێداگرە کە دەبێ چەند گوندێکی باشووری لوبنان هەر وا چۆڵ بمێنن و ببنە ناوچەی جیاکەرەوە لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا. بە پێی ئەم راپۆرتە ران دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتێژیی ئیسرائیل بە تۆم باراکی راگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە بەرەبەرە هێرشەکانی کەم بکاتەوە و لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیش بکشێتەوە.

ئیسرائیل جەختیشی کردووەتەوە رێگا نادات کەسانی مەدەنی بگەڕێنەوە ئەم شوێنانە، بەڵام حکوومەتی لوبنان دەتوانێت کارگە و ناوچەی پیشەسازی لەم ناوچەیە دروست بکات.

تۆم باراک داوای لە ئیسرائیل کردووە بە تەواوی لە گوندەکانی باشووری لوبنان بکشێتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا رابگرێت، بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێ حکوومەتی لوبنان بۆ جێبەجێکردنی هەموو بڕگەکانی رێککەوتنەکە و یەک لەوانیش چەککردنی حیزبوڵڵا هان بدات.

بڕیارە حەفتەی داهاتوو، تۆم باراک لەگەڵ لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخواز و مۆرگان ئۆرتێگاس، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین راوێژکاری دیکەی دۆناڵد ترەمپ، سەردانی بەیرووت بکات.

رۆژنامەی معاریۆی لوبنان رایگەیاندووە هەڵوێستەکەی ئیسرائیل، گەیشتن بە رێککەوتنی تووشی ئاستەنگ کردووە لەبەر ئەوەی رێککەوتن تەنیا کاتێک سەر دەگرێ کە هەردوو لا هەموو بڕگەکانی پلانەکە قەبووڵ بکەن.

بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەکسیوس حکوومەتی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان چەندی بکرێ کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بەیرووت بتوانێ پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵا دەست پێ بکات. بەڵام رۆژنامەی معاریۆ نووسیویەتی پلانەکەی ئەمریکا تەنیا راگرتنی هێرشە ناپێویستەکان دەگرێتەوە و ئەگەر حکوومەتی لوبنان هەنگاوی جددی بۆ چەککردنی حیزبوڵلا هەڵبگرێ، پلانەکەش بەردەوام دەبێت.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.