Erbil 31°C یەکشەممە 02 ئاب 20:01

ئاکسیۆس: ترەمپ هەوڵی سازکردنی لووتکەیەکی سێقۆڵی لەنێوان خۆی و پووتین و زیلینسکی دەدات

کوردستان TV
100%

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و کیێڤی ڕاگەیاندووە کە دەیەوێت لە 22ـی ئاب کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ  سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی ئابی 2025، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نیازی هەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان خۆی و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕێک بخات. 

ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە کە ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوای لووتکەی ئەلاسکا، بە سەرکردەکانی ئەورووپای ڕاگەیاندووە کە دەیەوێت کۆبوونەوەکە لە ڕۆژی هەینی، 22ـی ئابدا بەڕێوە بچێت.

هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی سەرکردەکانی ئەورووپای کردووە بۆ ئەوەی لە 18ـی ئاب لە کۆشکی سپی بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکەن لەگەڵ ڤلۆدیمیر زیلینسکی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا.

لەلایەن خۆیانەوە، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە یەکێتییەکە بەردەوام دەبێت لە فشارخستنە سەر ڕووسیا و سزاکانی ئێستا وەک خۆیان دەمێننەوە، هاوکات پلانیان بۆ ڕێوشوێنی نوێ هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا. 

سەرەڕای ئەمەش، سەرکردە ئەورووپییەکان پێشوازییان لە هەوڵەکانی ترەمپ کرد بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن لە ئۆکراینا و بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە، ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ کارکردن لەگەڵ ترەمپ و زیلینسکی بۆ ئامادەکاریی لووتکەی سێقۆڵی.

ئەوان جەختیان لەوەش کردەوە کە ئۆکراینا بە تەنیا بڕیار لەسەر چارەنووسی خاکەکەی دەدات.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.