Erbil 31°C دووشەممە 03 ئاب 08:42

ترەمپ و پوتین لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا رێک نەکەوتن

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند پاش سێ کاتژمێر دانوستان لەگەڵ سەرۆککۆماری رووسیا، نەیانتوانیوە لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا رێک بکەون.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین رایگەیاند: "گفتوگۆکان زۆر بنیاتنەر بوون و پێشکەوتنی باشمان هەبوو بەڵام بە تەواوی نەگەیشتینە ئەنجام و هیچ رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا نەهاتە ئاراوە".

ترەمپ گوتیشی: "زۆر بابەت هەبوون کە لەسەریان رێک کەوتین. دەتوانم بڵێم چەند بابەتی گرینگیش هەبوو کە هێشتا لەسەریان رێک نەکەوتووین بەڵام پێشکەوتنمان هەبووە. هەر بۆیە تا ئەو کاتەی لەسەر ئەوانەش رێک نەکەوین، هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نابێت".

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی بە نیازە پاش ئەم دیدارە، لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێبەرانی ئەوروپا و ناتۆ و سەرۆککۆماری ئۆکراینا لە ناوەرۆکی ئەم دیدارە ئاگادار بکاتەوە.

ڤلادمیر پوتینی سەرۆککۆماری رووسیاش لەم کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەدا هیوای خواست ئەو خاڵانەی لەگەڵ ترەمپ لەسەریان رێک کەوتوون، ببێتە خاڵی سەرەتا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکراینا و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن.

گوتیشی مۆسکۆ هەروا سوورە لەسەر ئەوەی هۆکارەکانی شەڕی ئۆکراینا چارەسەر بکرێن.

ترەمپ و پوتین لەم کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەدا هیچ وردەکارییەکیان لەسەر ناوەرۆکی ئەو خاڵانەی لەسەریان رێک کەوتوون روون نەکردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆککۆماری رووسیا، رۆژی هەینی بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە 42 مانگ شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، لە ئەلاسکای ئەمریکا کۆبوونەوە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.