وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لەو قوتابییانە دەکات کە نشتەجێی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستانن، سەردانی زانکۆ بکەن بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی دامەزراندن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی تەمووز، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد سەردانی تۆماری زانکۆکەیان بکەن بۆ پێشکەشکردنی فۆرمی دامەزراندن.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە، ئەو قوتابییانەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە و لە سێ یەکەمەکانن و هەڵگری بڕوانامە باڵاکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن، لەسەر میلاکی حکوومەتی فیدراڵی دەتوانن داواکاری دامەزراندن پێشکەش بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، لە ئەمڕۆوە دەتوانن سەردانی زانکۆ بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری و وردەکاری لەبارەی چۆنیەتیی دەستپێکردنی پرۆسەکە و پێشکەشکردنی فۆرم، دواتر لە رێگەی تۆماری زانکۆکانەوە راستەوخۆ داتاکان بۆ ئەنجومەنی راژەی گشتیی فیدڕاڵی دەنێردرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.