بەرپرسێكی باڵای رووسیا وەڵامێكی توندی قسەكانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەداتەوە سەبارەت بە مۆڵەت و دیاریكردنی وادە بۆ راگرتنی شەڕی لەگەڵ ئۆكڕاینا، لەمبارەیەوە دەڵێت "قسەكان بۆنی شەڕیان لێ دێت".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندبوو: مۆڵەتی 10 بۆ 12 رۆژ دەدەم بە ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا بۆ ئەوەی كۆتایی بە جەنگ لەگەڵ ئۆكڕاینا بهێنێت.
لەبارەی ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ، دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند: ترەمپ یاریی مۆڵەت و هۆشداری لەگەڵ رووسیا دەكات، رۆژێك 50 رۆژ و رۆژێكی دیكە 10 رۆژ مۆڵەت دەدات.
راشیگەیاند: پێویستە ترەمپ دوو شت بزانێت، یەكەمیان ئەوەیە كە رووسیا نە ئیسڕائیل و نە ئێرانە، دووەمیشیان ئەوەیە كە ئەم مۆڵەتانە وەك هەڕەشەن و وەك هەنگاوی شەڕی گەورە دەیانبینین نەك لەنێوان رووسیا و ئۆكڕاینا، بەڵكو لەگەڵ خودی ئەمریكا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشتر هەر لەنێو ئەم مانگەدا مۆڵەتی 50 رۆژی دابوو بە رووسیا بۆ راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئۆكڕاینا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.