Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 12:30

شاخەوان عەبدوڵا: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەی زانکۆکان هەڵوەشایەوە

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند کە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق، بڕیاری قەدەغەکردنی وەرگێڕانی پرسیارەکان و وەڵامدانەوە بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆکان هەڵوەشێنراوەتەوە و کاری پێ ناکرێت.

ئەمڕۆ شەممە  26ـی تەمووز، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا، تاوتوێی ئەو نووسراوەی وەزارەتیان کردووە کە بەکارهێنانی هەر زمانێکی جگە لە زمانی عەرەبی لە تاقیکردنەوەکاندا قەدەغە کردبوو.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری خوێندنی باڵا جەختی کردووەتەوە کە ئەو بڕیارە کاری پێ ناکرێت و ساڵی ڕابردووش بە هەمان شێوە ڕاگیراوە، هەروەها ڕێزی خۆی بۆ زمانی کوردی دووپات کردووەتەوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بڕیارەکە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گشتیی وەزارەتدا بووە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستەڕوو کە دوای گفتوگۆی لەگەڵ وەزیر، پەیوەندی بە سەرۆکی زانکۆوە کردووە و ئاگاداری کردووەتەوە کە بابەتەکە هەڵوەشاوەتەوە و ڕێنمایی نوێی پێ دەگات. سەرۆکی زانکۆش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارە نوێیەکەوە نیشان داوە.

لە کۆتاییدا، شاخەوان عەبدوڵا قوتابیانی دڵنیا کردەوە کە دەتوانن لە تاقیکردنەوەکاندا بە زمانی دایکی خۆیان وەڵام بدەنەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.