Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 09:46

نه‌یجیریا به‌ تووندی رووبەڕووی قەیرانی بەدخۆراکی ترسناک لای منداڵان بووه‌ته‌وه‌

کوردستان TV
100%

رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا و له‌ سه‌ره‌تای 2025 زیاتر لە 600 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە لە باکووری نەیجیریا کە رووبەڕووی "قەیرانی بەدخۆراکی ترسناک" بووه‌ته‌وه‌.

 

لە بەیاننامەیەکدا رێکخراوی پزیشكانی بێ سنوور هۆشداری تووندی داوە کە حاڵەتەکانی بەدخۆراکی منداڵان کە توندترین و مەترسیدارترین جۆری بەدخۆراکییە، لە نێوان مانگی یەکی ئه‌مسال تا مانگی حوزەیران له‌ باكووری نه‌یجیریا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 208% زیادی کردووە.

پزیشكانی بی سنوور ده‌شڵێن:  "بەداخەوە لە سەرەتای ساڵی 2025 تا ئێستا،  652 منداڵ لە یەکەکانی چاودێری ئه‌واندا گیانیان لەدەستداوە بەهۆی وەرنەگرتنی چاودێری پزیشکی خێرا و گونجاو".

کەمبوونەوەی بەرچاوی یارمەتییە دەرەکییەکان، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و پەرەسەندنی هێرشە جیهادییەکانی "بۆكۆ حه‌رام "، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی نەیجیریا، قەیرانی خۆراکی له‌و وڵاتە توندتر کردووە.

بەپێی گوتەی ئەحمەد ئەلدەخاری، نوێنەری رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە نەیجیریا، ساڵی ڕابردوو خاڵی وەرچەرخانی قەیرانی خۆراک بوو کە باکووری وڵاتەکەی وێران کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی ڕاستەقینەی قەیرانەکە لە هەموو چاوەڕوانییەکان زیاترە، ئاماژەی بە "کەمکردنەوەی بودجەی بەرفراوان، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا" کرد، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر چارەسەرکردن و چاودێریکردنی منداڵانی بەدخۆراکی هەبووە.

لای خۆیه‌وه‌ دەیڤید ستیڤنسۆن، بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانی خۆراک رایگه‌یاندووه‌، نزیکەی 31 ملیۆن کەس لە سەرانسەری نەیجیریا بەدەست برسێتی توندەوە دەناڵێنن، کە ژمارەیەکی پێوانەییە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هۆشداری دابوو کە رەنگە تا کۆتایی مانگی تەمموزی ئه‌مساڵ ناچار بێت هاوکاری خۆراکی بەپەلە بۆ یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی نەیجیریا رابگرێت بەهۆی کەمیی دارایی زۆرەوە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.