بەرێوبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕایگەیاند گۆڕانکاریی گەورە لە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەمساڵ دەکرێت و شارەزایانی خۆمان پاکێجی نوێی خویندن دروست دەکەن.
ڕۆژی شەممە، 26ـی تەمووز، حەسەن سەرتیپ جاف، بەرێوبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن، بە "دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی"ی ڕاگەیاند: ''بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026، لە ژێر چاودێریی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و بە پشتبەستن بە شارەزایانی ناوخۆ، گەورەترین گۆڕانکاری لە پەرتووکی خوێندنی گشت پۆلەکان کراوە. ئەم گۆڕانکارییە گرینگە، دوور لە هەموو کۆمپانیایەکی دەرەکی و سیستەمی وڵاتانی دیکە، بە ئەنجام گەیەنراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد گۆرانکارییەکە سەرجەم وانەکانی پۆلەکانی 1 تا 12 لە هەموو بەشەکانی خوێندن دەگرێتەوە و تەنیا لە بەشی زانستی لە پۆلەکانی 7 تا 12 گۆرانکارییەکانی دوو وانەی زیندەوەرزانی و فیزیا تەواو نەبووە و ئەویش بۆ ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.
حەسەن سەرتییپ جاف ڕاشیگەیاند: ئەم گۆڕانکارییە قورسە؛ بەهۆی ئەوەی لە کوردستان پەرتووکەکانی خویندن بە دوو زاراوە و پێنج زمان دەنووسرێن؛ ئەمەش دەبێتە هۆی تێچوویەکی زۆر چونکە دەبێت هەمووی بگۆڕدرێ.
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕوونیشی کردەوە بە هۆی گرنگیی باخچەی منداڵان، گۆرانکارییەکانی ئەم قۆناغە ئەمساڵ لە 50 باخچە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەزموونی جێبەجێ دەکرێت.
حەسەن سەرتیپ جاف، وتیشی: لە باخچەی ساوایان KG2 ئاستی زیرەکیی منداڵان دیاری دەکرێت بۆ بەرچاووڕوونی دایک و باوکان.
هەروەها باسی لەوەش کرد، خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی پەرەی زیاتری پێ دەدرێ و دایکان و باوکان لە رێگەی بارکۆدەوە دەتوانن لە خوێندنی منداڵەکانیان ئاگادار بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.