Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 21:31

ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپا لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان رێک کەوتن

کوردستان TV
100%

جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپیی بەشدار لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لە ئیستانبوڵ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کۆبوونەوە.

 رۆژی هەینی 25ی تەمووزی 2025، جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ئەڵمانیا، بریتانیا و فەرەنسا بە بەشداریی جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ئیستانبوڵ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە کۆ بوونەوە و لە ئەنجامدا لەسەر بەردەوامبوونی ئەم دانوستانانە ڕێک کەوتن.

کۆبوونەوەکە لە ناو بینای کۆنسوڵخانەی ئێران لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو و سێ کاتژمێری خایاند.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کە لەم دانوستانانەدا بەشدار بوو لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: گۆرانکارییەکانی پەیوەندیدار بە لادانی گەمارۆکان و پرسی ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ کران و هەردوو لا بە بۆچوونی دیاریکراوەوە هاتنە ناو دانوستان. لە کۆتاییشدا ڕێک کەوتن، دانوستانەکان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام بێت".

غەریب ئابادی راشیگەیاند: "گفتوگۆکان ڕاشکاوانە بوون و ئێران رەخنەی لە هەڵوێستی ئەم وڵاتانە سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل گرت و هەڵوێستی خۆی لەسەر هەموو بابەتەکان و یەک لەوانیش میکانیسمی سناپ بەک ڕاگەیاند".

سێ وڵاتە ئەوروپییەکە هۆشدارییان داوەتە ئێران ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمییەکەی دەست پێ نەکاتەوە و نەگەنە ئەنجامی بەرچاو، ئەوا میکانیسمی سناپ بەک تایبەت بە گەڕانەوەی هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران، چالاک دەکەنەوە.

لە دوای شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، ئەمە یەکەم گەڕی دانوستانی نێوان ئیران و ئەم سێ وڵاتەیە.

بەر لە دەستپێکردنی دانوستانەکان، ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر زاری ژمارەیەک دیپلۆماتی ئەوروپی ڕایگەیاندبوو، لەم کۆبوونەوەیەدا و ئەورووپا وەبیر ئێران دێنێتەوە کە لە بەرانبەر ئەم وڵاتەدا بێ هەڵویست نابێت.

ئاژانسی ئیرنای ئێرانیش لەسەر زاری ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە سێ وڵاتە ئەوروپییەکە کردبوو لەم دەرفەتە بۆ قەرەبوو کردنەوەی هەڵوێستی زیانبار و نابنیاتنەری پێشووی خۆیان کە پێگەی ئەورووپای لەرزۆک کردبوو و کردبوویە بکەرێکی پەڕاویزخراو، کەڵک وەربگرن.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.