وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت، ماوەی چەند رۆژێك بوو كێشەی پچڕانی كارەبا لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر بەتایبەتیش لەناو پڕۆژەی رووناكیدا هەبوو، بەڵام ئێستا توانراوە كێشەكە چارەسەر بكرێت.
وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە یەکێک لە گۆڕەڕەکانی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای پاڕک، چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر لەژێر پڕۆژەی ڕووناکی تووشی پچڕانی کاتیی کارەبا دەبوون کە کاریگەری هەبوو لەسەر زیاتر 50 هەزار هاووڵاتی.
راشیگەیاند: دوابەدوای بەدواداچوونی تیمەکانی وەزارەتی کارەبا، دوای بەدواداچوون بۆ کێشەکە، ڕاستەوخۆ کارەکانیان دەست پێ کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و چاککردنەوەی گۆڕەڕی کارەبای وێستگەی دابەشکرنی کارەبای پاڕک بەبڕی 100 ملیۆن دینار.
وەزارەتی كارەبا جەختیشی كردەوە كە ئێستا هاووڵاتییانی شاری هەولێر کارەبای بەردەوامی و 24 كاتژمێری پڕۆژەی ڕووناکییان هەیە.
پچڕانی كاتی كارەباكانیش زیاتر لە گەڕەكەكانی (سەربەستی، نازناز، پاڕک ڤیو، بەختیاری، ناز سیتی، دریم سیتی، گوندی ئینگلیزی، پڕۆژەی ئیمپایەر، فڕۆکەخانە، مارعۆدە و بەشێکی عەنکاوە) بوون.
مەسرور بارزانی سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 بۆ یەكەمجار پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.
دواتریش لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 2 ملیۆن هاووڵاتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 كاتژمێری بەردەوامییان بۆ دابینکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.