Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 22:24

بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە: تا کۆتایی ئەمساڵ کارەبای پارێزگاکە دەبێتە 24 کاتژمێری

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە ڕایگەیاند، کارەبای سەنتەری پارێزگاکە تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێتە 24 کاتژمێری و لە ئێستاشدا تیمەکانیان سەرقاڵی چاکسازی و بەستنی پێوەری زیرەکن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەمووز، کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە دیجیتاڵ میدیای (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: "لە ئێستادا تیمەکانمان خەریکی چاکسازین لە فیدەرەکانی کارەبای هەڵەبجە کە سەرجەمیان 17 فیدەرن. هەروەها لە هەفتەی داهاتوودا دەست دەکرێت بە چاککردنەوەی پێوەری زیرەکی کارەبا و بەستنی بۆ ئەو هاوبەشانەی تا ئێستا پێوەرەکەیان نییە".

لەبارەی ژمارەی هاوبەشانی کارەبای سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کاوان کەریم ئاشکرای کرد: "لە هەڵەبجە 41,300 هاوبەشی کارەبا هەیە".

بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە وەرزی هاویندا پێویستی بە 80 بۆ 85 مێگاوات کارەبا هەیە و لە وەرزی زستانیشدا 115 مێگاوات کارەبای پێویستە.

کاوان کەریم جەختی لەوە کردەوە: "بەپێی پلانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ئەمساڵ سەنتەری شار بە تەواوی پڕۆژەی ڕووناکیان پێ دەگات، لە ساڵی داهاتووشدا تەواوی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کارەباکەیان دەبێتە 24 کاتژمێری".

پڕۆژەی ڕووناکی (کارەبای 24 کاتژمێری)، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە بریتییە لە دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەکەوە کە ڕێگری لە زیادەڕۆیی و بەفیڕۆچوونی کارەبا دەکات. 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.