دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سەرجەم ئەو سکاڵایانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە دژی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تۆمار کرابوون. لە یەکەم کاردانەوەشدا، پارێزگای هەڵەبجە پیرۆزبایی لە خەڵکی شارەکە کرد و ڕایگەیاند، کۆتا بەربەستی بەردەم یاساکە تێپەڕی.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەمووز، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەو سکاڵایانەی کە دژی یاساییبوونی پرۆسەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تۆمار کرابوون، لە ڕۆژی 18ـی حوزەیرانی 2025 یەکلایی کراونەتەوە و بەتەواوی ڕەتکراونەتەوە.
سکاڵای یەکەم لەلایەن پێنج پەرلەمانتاری عێراقەوە لە دژی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمار کرابوو، داواکرابوو کە ڕێکارەکانی دەنگدان لەسەر یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە نادەستووری لەقەڵەم بدرێت.
هاوکات، سکاڵایەکی دیکە لە دژی سەرۆک کۆماری عێراق تۆمار کرابوو و داوای کردبوو کە مەرسوومی کۆماریی تایبەت بە دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجە بە نادروست هەژمار بکرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی، دوای تاوتوێکردن، بڕیاری دا بە ڕەتکردنەوەی هەردوو سکاڵاکە و سەرجەم داواکارییەکانی سکاڵاکاران. بەمەش هیچ ڕێگرییەکی یاسایی لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەدا نەما.
پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە خەڵکی شارەکە کرد و ڕایگەیاند: "بەناوی خۆمان و پارێزگای هەڵەبجەوە پیرۆزبایی لە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان دەکەین کە خۆشبەختانە، کۆتا بەربەستی بەردەم یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تێپەڕی و دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لە بەرژەوەندی پارێزگای هەڵەبجە دا و داوا دژەکان ڕەتکرانەوە".
لە کۆتایی ڕاگیێەندراوەکەی پارێزگای هەڵەبجە هاتووە: "سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ سەرجەم لایەنەکان کە هاوکار و پاڵپشت بوون لە پڕۆسەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.