سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات هێرشی لەو شێوەیە دووبارە دەکەنەوە. ئەمەش دوای لێدوانێکی بەرپرسێکی ئێرانی هات کە باسی لە زیانە گەورەکانی هێرشەکەی پێشووتر کردبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەمووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، باس لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکات و دەڵێت: زیانەکان زۆرن، وێران کراون. ئەمە هەمان ئەو قسەیەیە کە من کردم، ئەگەر پێویستیش بکات دووبارەی دەکەینەوە".
هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی باسی لەوە کرد کە بەهۆی هێرشەکەی پێشووەوە زیانێکی زۆر بەر وڵاتەکەی کەوتووە و ئامادە نین لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیانەوە گفتوگۆ بکەن.
لە رۆژی 21ـی حوزەیرانی رابردوو، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جۆری B-2، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان، نەتەنز و فۆردۆیان کردە ئامانج، کە دامەزراوەی فۆردۆ لەژێر شاخێکدا بە قووڵایی 90 مەتر شاردراوەتەوە. پێش ئەو هێرشانەش، ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئەنجام دابوو کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران و لانیکەم 14 زانای ئەتۆمی.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" جەختی لەوە کردەوە هێرشەکان کۆتاییان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هێناوە و ئاماژەی بەوەش دا گەورەترین زیان لەژێر زەویدا بووە.
هاوکات، جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، ئاشکرای کرد هێرشەکان زیانێکی زۆر گەورەیان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیاندووە و ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکە بەکارهێنانی 14 بۆمبی قورسی قەڵاشکێنی جۆری "بەنکەر بەستەر"ـی لەخۆگرتبوو کە لە ئەرکێکی 18 کاتژمێریدا ئەنجام درا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.