بە پێی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بچووککردنەوەی حکوومەت، وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە 1350 کارمەندی خۆی دەردەکات و ڕاشیگەیاندووە ئەمە گەورەترین ڕێکخستنەوەی ئەم وەزارەتخانەیە لە چەند دەیەی ڕابردوودایە.
ئاژانسی ئەسۆشەیتێد پرێس لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەزار و 107 فەرمانبەری مەدەنی و 246 ئەفسەری وەزارەتی دەرەوە کە لە ناوخۆی ئەمریکادا کار دەکەن، لە ڕۆژانی داهاتوودا نامەی دەرکردنیان بۆ دەچێت.
بە پێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە گەیشتووەتە دەست ئەسۆشەیتێدپرێس، کارمەندانی مەدەنیی ئەم وەزارەتە 60 ڕۆژ مۆڵەتی زۆرەملێ وەردەگرن و دواتر بە فەرمی لە کارەکەیان دەردەکرێن. ماوەی مۆڵەتی زۆرەملێ بۆ ئەفسەرەکان 120 ڕۆژ دەبێت.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەک سەردانی مالیزیای کردووە لەمبارەیەوە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: "ئەمە هەنگاوێکە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی وەزارەتی دەرەوە بە مەبەستی کارامەتر کردن و چڕکردنەوەی کاری وەزارەتخانەکە".
وەزارەتی درەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە فەرمی کارمەندانی خۆی ئاگادار کردبووەوە کە بەم زووانە نامەی دەرکرانیان بەدەست دەگات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.