سەرۆکی بەڕازیل و سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای کورسیی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن و دەڵێن، قبووڵنەکراوە وڵاتانێک بە قەبارەی ئەوان لە دەرەوەی ئەنجومەنەکە بن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تەمووز، بەڕازیل و هیندستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوایان کرد ببنە ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. راگەیێندراوەکە لە میانی سەردانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ بەڕازیل و کۆبوونەوەی لەگەڵ لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەرکرا.
ئەنجومەنی ئاسایش ئێستا پێنج ئەندامی هەمیشەیی هەن کە مافی ڤیتۆیان هەیە، ئەوانیش: فەرەنسا، بەریتانیا، چین، ئەمریکا و رووسیان. هەروەها 10 وڵاتی دیکەشی تێدایە کە بە شێوەی خولی ئەندامن، بەڵام وەک ئەندامی ناهەمیشەیی، مافی ڤیتۆیان نییە بۆ رەتکردنەوەی هەر بڕیارێک.
لە بەیاننامەکەدا، هیندستان و بەڕازیل جەختیان لە پشتگیریی دوولایەنە بۆ بەربژێریی یەکدی کردەوە بۆ وەرگرتنی کورسیی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی فراوانکراودا.
لولا و مۆدی جەختیان کردەوە وڵاتەکانیان توانایەکی نائاساییان هەیە و هەر بۆیەش داوای رۆڵێکی لەو شێوەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.
هەردوو سەرکردە بە قبووڵنەکراویان زانی کە وڵاتانێک بە قەبارەی هیندستان و بەڕازیل، لە ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەندامی هەمیشەیی نەبن.
ئەو دوو زلهێزەی ئاسیا و ئەمریکای لاتین، دوای بەشداریکردنیان لە لووتکەی بریکس لە ریۆ دی جانیرۆ، گفتوگۆیان کرد. بریکس، کە بلۆکی وڵاتە گەشەسەندووەکانە و چین و رووسیاش ئەندامی سەرەکین تێیدا، ئامانجی دروستکردنەوەی هاوسەنگی لە بەرامبەر رۆژئاوایە لە سیستمی جیهانیدا.
گرووپی بریکس، کە ئێستا 11 وڵات لەخۆدەگرێت، لە بەیاننامەی کۆتایی لووتکەکەیدا پابەندبوونی خۆی بە چاکسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا دووپات کردەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی دەنگی وڵاتانی باشووری جیهان.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، چین و رووسیا پشتگیریی بەربژێریی هیندستان و بەڕازیل دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.