عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتارێکدا هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی بە "نادادپەروەرانە" ناوبرد و رایگەیاند: هێرشەکان پرۆسەیەکی دانوستانیان لەگەڵ ئەمریکا کردووەتە ئامانج.
رۆژی هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عێراقچی لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ، داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کرد هەڵوێستیان هەبێت و گوتی: "پێویستە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان بێنە دەنگ، داواش دەکەم رێز لە یاسا بگرن و بۆ دادپەروەری کاردانەوەتان هەبێت، چونکە ئیسرائیل بە نادادپەروەرانە هێرش دەکاتە سەر وڵاتەکەمان و دەبێت رێگری لێ بکرێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل هیچ بیانوویەکی نییە بۆ ئەو هێرشانە، چونکە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دایە و پابەندن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
عێراقچی جەختی کردەوە کە کردارەکانی ئیسرائیل پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و گوتیشی: "ئێمە لەو جەنگەدا تەنیا دەمانەوێت بەرگریی لە خۆمان و سەروەریی وڵاتەکەمان بکەین."
سەبارەت بە کاریگەریی هێرشەکان لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان، عەباس عێراقچی ئەوەی خستەڕوو، ئەوان لە نێو پرۆسەیەکی دیموکراسی و دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بە ئامانج گیران، کە بڕیاربوو لە 15ـی مانگ دانوستانەکە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەیەکی ئاشتییانە بۆ ئەو پرسە بەڕێوەبچێت.
گوتارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.