Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 08:49

ڤیتکۆف: پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و ئێران دەبێ سێ بنکەی ئەتۆمی لەناو ببات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە، پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران هێڵی سوورە و ئەو بنکە ئەتۆمییانەی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان هەیە دەبێ لەناو ببرێن، هاوکات هۆشداریی ئەوەش دەدات، ئەگەر دانوستانەکان ئەرێنی نەبن، چیتر بەردەوام نابین.

 

رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ستیڤ ڤیتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند؛ "بەرپرسانی ئێران لە دانوستانەکاندا پێیان راگەیاندووین کە ئەوان نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیان نییە، بەڵام ئەگەر نیازیان ئەوە بێت، پێویستییان بەو دامەزراوە ئەتۆمییانە نییە کە کاری پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا ئەنجام دەدەن".

 

تاوەکو ئێستا ستیڤ ڤیتکۆف، سەرۆکی ساندی دانوستانکاری ئێران سێ جار لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەتەوە و بڕیار بوو رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو گەڕی جوارەمی دانوستانەکان بەڕێوەبچن، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە دواخرا بۆ رۆژی یەکشەممە 11ـی ئایار و هەردوو شاند لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆدەبنەوە.

 

ستیڤ ڤیتکۆف رۆژێک بەر لە گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئێران گوتی؛ "ئەگەر ئێران نیازی ئاشتیانەی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەیە، بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فیردۆ و ئیسفەهان لەناو ببات کە پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا ئەنجام دەدات، ئەو سانتریفیوژانەش کە بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێندرێن، هەرهەموویان هەڵبگیرێنەوە".

 

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ئەوەشی خستە روو؛ "بەو دۆخە هەستیارەی ئێستا ئێران تێیکەوتووە، با هەوڵ نەدەن سەرۆک ترەمپ تاقی بکەنوە، ئەوە کارێکی ژیرانە نییە و ئێران هیچ رێیەکی دیکەی لەبەر نییە جگە لە قبوڵکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.