پۆلیسی کەرکووک تەرمی هاووڵاتییەکی کورد لەناو ماڵێکی چۆڵدا دەدۆزنەوە و دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەردەکەوێت کوژراوە و ئۆتۆمبێلەکەشیان بردووە.
رۆژی هەینی 2ـی نیسانی 2025 هەڵۆ جەباری، پەیامنێری کوردستان تیڤی گوتی؛ دوێنێ ئێوارە هاووڵاتییەک بە ناوی عەلی حەمەد ئیسماعیل بە ئۆتۆمبێلەکەی لە ماڵ دەردەچێت و هیچ هەواڵێکی نامێنێت، کاتێک خێزانەکەشی پەیوەندی پێوە دەکەن، مۆبایلەکەی داخراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی پۆلیس تەرمی عەلی ئیسماعیل لەناو خانوویەکی تەواونەکراو لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک دەدۆزنەوە و سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی رەحیمئاوا بە کوردستان تیڤی راگەیاند؛ "دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، بۆمان دەرکەوت مام عەلی کوژراوە و ئۆتۆمبێلەکەیان دزیوە".
ئەو سەرچاوەیە گوتی؛ "دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان دزیوە، هەمان رۆژ لە پێشانگای ئۆتۆمبێل لە کەرکووک فرۆشتوویانە و ئێستا هێزەکانمان بەدوای تۆمەتبارەکەدا دەگەڕێن".
پۆلیسی کەرکووک دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کردووەتەوە و تەرمی عەلی حەمەد ئیسماعیل رەوانەی پزیشکی دادی کەرکووک کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.