بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 5 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن و بڕیاریشە مانگی داهاتوو یەكەم كاروانیان بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ بكەوێت.
كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بۆ ئەمساڵ پێنج هەزار و 190 كەس لە هەرێمی کوردستان فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن.
راشیگەیاند: لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە یەکەم وەجبەی حاجیان لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت.
هەروەها رایگەیاند: بەهۆی ئەو رێکارە توندانەی سعوودییە بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ گرتوویەتییەبەر، ئێستا هیچ هاووڵاتییەکی هەرێمی كوردستان بە ڤیزای حەج یان عومرە لەو وڵاتە نییە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕە ئاماژەی بەوەش دا كە داوایان کردووە هیچ هاووڵاتییەکی هەرێمی كوردستان لە سعوودییە خۆی نەشارێتەوە، چونکە هەر کەسێک بەو هۆیەوە دەستگیر بکرێت بە 20 هەزار ریاڵی سعوودی سزا دەدرێت كە دەکاتە زیاتر لە 5 هەزار دۆلاری ئەمەریكی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.