Erbil 31°C شەممە 25 تەمووز 01:03

ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس گەیشتە 70 کەس

کوردستان TV
100%

دوای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر تەقینەوە گەورەکەی بەندەر عەباس ئاماری کوژراوەکان تا دێت بەرزتر دەبێتەوە و بەرپرسانی ئێران دەڵێن کۆمەڵێک تەرم بە جۆرێک شێواون، ناناسرێنەوە، هاوکات پارێزگاری هورموزگانیش دەڵێت 22 کەس تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.

 

رۆژی سێشەممە 29ـی نیسانی 2025 وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو ئاگری تەقینەوەکەی بەندەر عەباس کۆنتڕۆڵ کراوە و ئێستا گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەستی پێ کردووە.

 

هاوکات وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکە گەیشتووەتە 70 کەس و دەشڵێت، 22 تەرم بە جۆرێک شێواون کە ناسینەوەیان ئەستەمە و لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە هەوڵ دەدەین ناسنامەیان بدۆزینەوە.

 

محەمەد ئاشووری، پارێزگاری هورمزگان بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند؛ "تاوەکو ئێستا 22 کەس لە تەقینەوەکەدا بێسەروشوێنن و دوای ئەوەی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، لە بەیانی ئەمڕۆوە دەست دەکەین بە پاککردنەوەی شوێنەکە بە مەبەستی دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان".

 

پارێزگاری هورمزگان باس لەوەش دەکات کە چەند رۆژێکیان پێویستە بۆ پاککردنەوەی شوێنی تەقینەوەکە و دەڵێت؛ بە لای کەمەوە دوو هەفتەش کاتمان دەوێت بۆ گواستنەوەی ئەو کۆنتینەرانەی لە بەندەرەکەن.

 

شەوی رابردوو، تیمی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی بەندەر عەباس کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری تەقینەوەکە پێکهاتبوو، لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیان خستەروو.

 

لە راپۆرتەکەدا کەمتەرخەمی و پێڕەو نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتییان بە هۆکاری تەقینەوەکە دەستنیشان کرد و وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش لێپێچینەوە و دەستبەسەرکردنی چەند لایەنێکی کەمتەرخەمیان راگەیاند و گوتیشیان، کات پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە بدۆزرێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.