سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی 17یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب تیشکی خستە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەشداری لە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بکەن.
رۆژی چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی 17یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب گوتارێکی پێشکێشکرد و تیایدا هەنگاوەکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی بە باش وەسفکرد و گوتی: "پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. وابێت هەرچی زووتر کارەکان تەواوبکەن و کابینەکە دروستبکرێت".
سەرۆک بارزانی کوردستانی بە موڵکی هەموان ناو برد و لەبارەی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیش لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ "با ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەبێت، رێگەی باشتر پێشانی حکومەت و پەرلەمان بدات. با لاپەڕەیەکی تازە بکرێتەوە".
سەرۆک بارزانی هەبوونی گرفت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی بە پابەندنەبوون بە دەستوور و ئەو بنەمایان وەسف کرد کە عێراقی نوێیان لەسەر بنیاتنراوە و دووپاتیکردەوە: "لە ساڵی 2005 دەستوورێک بۆ عێراق نووسراوە کە کورد رۆڵێکی سەرەکی تێدا بینی و 85٪ـی خەڵکی عێراق دەنگی پیدا، ئەگەر بەو دەستوورە پابەند بووبان، زۆرێک لەو گرفتانەی خەڵکی عێراق بە گشتی و پەیوەندی هەرێم و بەغدا، روویان نەدەدا".
دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی 17یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
میوانە بەڕێزەکان، ئامادەبووانی بەڕێز.. هەمووتان بەخێربێن، زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان و ئومێدەوارم کاتێکی خۆش بەرنە سەر لە هەولێر. زۆر سوپاستان دەکەین بۆ هاتنتان.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەبینین لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان 17یەمین پێشانگای کتێب دەکرێتەوە. ئەمە بووە بە نەریتێک کە جێگەی خۆشحاڵیمانە. بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە کاک فەخری کەریم دەکەم و هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ دەزگای مەدا و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە ئەرکیان کێشا و ماندوو بوون لە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامە رێکوپێکە. ساڵ بە ساڵ دەبینین پێشانگای کتێب بەرەوپێشچوونێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و هەر ساڵێک باشترە لە ساڵی پێشتر. پشت بە خودا ئەم کارە بەردەوام بێت و هەر لە خۆشیدا بتانبینین. هەرچەند دنیا بەرەوپێش بچێت، تەکنەلۆجیا بەرەوپێش بچێت، ئەو فەرموودەی شاعیری گەورەی عەرەب، موتەنەبی وەک حەقیقەتێک بە زیندوویی دەمێنێتەوە کە دەڵێت "وخير جليس في الزمان كتاب"، نرخ و گرنگی کتێب بە هیچ شتێک لاناچێت، بەردەوام دەبێت و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بە دەرفەتی دەزانم ئەمڕۆ ئاماژە بە چەند بابەتێک بکەم.
یەکەم. داکۆکی دەکەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی کە شانازی پێوە دەکەین، فەرهەنگی پێکەوەژیان، یەکتر قبوڵکردن، ئازادی بیروڕا، ئازادی دین و ئازادی مەزهەب، ئەمانە بنەمایەکن کە بە هیچ شێوەیەک مساوەمەی لەسەر ناکەین، با هەموو کەس ئەمە باش بزانێت.
هەروەها دێمە سەر دۆخی ناوخۆی هەرێم، بێگومان دۆخی هەرێم بەدەر نییە لە دۆخی ناوچەکە بە گشتی. لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا کە زۆر لایەن و زۆر کەس وایاندەزانی هەڵبژاردن ناکرێت، یان ئەگەر هەڵبژاردن کرا گرفتی گەورە روودەدات. هەڵبژاردن کرا و بە شایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو رێکخراوانەی کە هاتبوون، هەڵبژاردنێکی بێگەرد بوو. رەنگە هیچ هەڵبژاردنێک لە دنیادا نەبێت بێ کەموکووڕی بێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەڵبژاردنێکی زۆر زۆر باش بوو و ئەنجامەکانیشی دەرکەوت. ئێمە ئێستاش پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی کورسیان بەدەستهێناوە، هەر کەسە و بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێکەوە کابینەیەک دروستبکەین. کوردستان موڵکی هەموومانە و هەمووشمان برای یەکترین. هەموومان کەسی یەکترین، جوان نییە یەکتر بشکێنین، با ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەبێت، رێگەی باشتر پێشانی حکومەت و پەرلەمان بدات. با لاپەڕەیەکی تازە بکرێتەوە.
لێرەدا جارێکی تر داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بەشداربن، بەڵام بەرپرسیاریەتی هەرە گەورە دەکەوێتە سەر شانی پارتی و یەکێتی. تاوەکو ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. وابێت هەرچی زووتر کارەکان تەواوبکەن و کابینەکە دروستبکرێت، چوونکە هەروەکوو دەبینین لە دەوروبەرمان و بەگشتی لە دنیا قەیرانی گەورە روویداوە و رەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێوەبێت. بۆیە تەنیا مەرجی سەرکەوتنی کورد، یەکگرتنی کوردە. بۆ ئەم مەبەستە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین، پێشنیازی منیش بۆ هەموو لایەنەکان و بەتایبەتی بۆ پارتی و یەکێتی ئەوەیە پەلە بکەن لە دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی دۆخی هەرێم و بەغدا و عێراق بە گشتی، تا رادەیەکی باش کێشەکان لە نێوان بەغدا و هەرێم چارەسەر کراون، بەڵام هێشتا زۆری ماوە. دۆخی عێراقیش لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، عێراقی تازە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە کە بریتین لە هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. واتا شەراکەت، تەوازن و تەوافوق. بەداخەوە ئیلتزامی پێ نەکراوە، هاوکات لە ساڵی 2005 دەستوورێک بۆ عێراق نووسراوە کە کورد رۆڵێکی سەرەکی تێدا بینی و 85٪ـی خەڵکی عێراق دەنگی پیدا، ئەگەر بەو دەستوورە پابەند بووبان، زۆرێک لەو گرفتانەی خەڵکی عێراق بە گشتی و پەیوەندی هەرێم و بەغدا هەیانە، روویان نەدەدا. ئێستاش چارەسەری بنەڕەتی گەڕانەوەیە بۆ ئەو سێ بنەمایە و پابەندبوونە بە دەستوور. بۆ ئەم مەبەستەش هەرچی بە ئێمە بکرێت، ئامادەین. دەبێت هەموو ئەو هێزانەی چ لە هەرێم و چ لە بەغدا، بوێری ئەوەیان هەبێت و دان بە هەڵەکانیاندا بنێن و دیسان لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت. هەروەک دەبینین لە دەوروبەرمان گرفتی زۆر گەورە هەیە و شەڕی گەورە بەڕێوەیە و شەڕی گەورەش روویداوە. ئێمە هیوادارین هەرچی زووتر ئەو شەڕانە کۆتاییان بێت و ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە تەواوبێت. چ لە فەلەستین، چ لە لوبنان و لە هەر ناوچەیەکی دیکە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەوانەی ئێستا لە بەغدا کاربەدەستن، بە هەموو توانایەک هەوڵ بدەن عێراق تێکەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت.
لە کۆتاییدا داوای سەرکەوت بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و گەلانی ناوچەکە دەکەم و تەمەنای بەختەوەریی، ئاشتی و سەلامەتییان بۆ دەکەم. ئێوەش جارێکی دیکە بەخێربێن سەر چاوان. زۆر سوپاستان دەکەین بۆ هاتنتان و هەر لە خۆشیدابن. زۆر سوپاس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.