Erbil 11°C شەممە 19 نیسان 06:55

ئاسایشی هەولێر: بازاڕی فۆڕێكس و مامەڵەی دراوی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان قەدەغەیە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشكرای دەكات كە بازاڕی فۆڕێكس و مامەڵە بە دراوی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان قەدەغەیە، جەختیش دەكاتەوە كە كردنەوەی هەر جۆرێك لە خولی فێربوون و كڕینی دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی نایاسایین و رێگه‌پێدراو نین.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابووری سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر رایدەگەیەنێت "كۆمپانیاكانی فۆڕێكس و دراوی ئه‌لیكترۆنی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق رێگه‌پێدراو نین و مۆڵه‌تی فه‌رمیان نییه‌، هەروەها به‌پێی بڕیار و رێنماییه‌كانی بانكی ناوه‌ندی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان رێگه‌پێدراو نین و هیچ یاسا و رێنماییه‌ك نییه‌ بۆ رێكخستنی ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌".

راشیدەگەیەنێت "ئەو كۆمپانیایانەی له‌ژێر ناوی جیاجیا كاری فۆڕێكس و كردنه‌وه‌ی خولی فێربوونی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن و كڕینی دراوی ئه‌لیكترۆنی و كانزایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، نایاسایین و رێگه‌پێدراو نین".

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە "دوای چه‌ندین سكاڵای هاووڵاتییان و زه‌ره‌رمه‌ندبوونیان له‌رێگه‌ی ئه‌م كۆمپانیا و بڕۆكه‌رانه‌، ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ و داوا له‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی زیانی ماددی نه‌بن، دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌مجۆره‌ مامه‌ڵانه‌ و پاره‌كانیان به‌فیڕۆنه‌ده‌ن، به‌ پڕوپاگه‌نده‌ و ریكلامی كۆمپانیا و بڕۆكه‌ره‌كان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و خۆیان لێ به‌دووربگرن."

ئاسایشی هەولێر هەروەها ئاگاداری گشت كۆمپانیا و بڕۆكه‌ره‌كانیشی كردەوە‌ كە له ‌ڕێگه‌ی سۆشیال میدیا ریكلام بۆ كاری فۆڕێكس و دراوه‌ كانزاییه‌كان نه‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنه‌وه.‌

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.