رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو هاوکاریی داراییی هاوپەیمانان بۆ مانگى یەك بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکهكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە 6ی شوباتی 2025 هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی یەك دابەش دەکرێت.
راشیگەیاند: لەلایەن هاوپەیمانانەوە جەختکراوەتەوە کە هاوكارى دارايیەكان بەردەوامیان دەبێت.
هەروەها رایگەیاند: ئەم مانگە سەرووی 40 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی خاڵەکانی نامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان دەڕوات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.