Erbil 19°C چوارشەممە 05 شوبات 14:46

91 ساڵ بەسەر مردنی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی تێدەپەڕێت

کوردستان TV
100%

بەپێی گێڕانەوەكانی هونەرمەندی گه‌وره‌ی كورد عەباسی كەمەندی، سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی لە چواری شوباتی ساڵی 1934 كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی گوندەكەی بەخاك سپێردراوه‌

سەید عەلی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، دەنگێك لە حوجرە ‌و تەكیەوە بە خوێندنی قورئان دەستی پێكرد، دواتر بە وشە و ئاوازەكانی گەنجینەیەكی بۆ كورد جێهێشت .

ناوی ته‌واوی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ، سەید نیزامەدین كوڕی سەید جامی كوڕی سەید محەمەد جەواد كوڕی سەید ئیبراهیمە، لە گوندی سەڵوەتاوا لە نزیك شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاتۆته‌ ژیان، هەرچەندە ساڵی لە دایكبوونی بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام هونەرمەندی گەورەی كورد عەباسی كەمەندی دەڵێت، لە ساڵی 1881 لە دایك بووە .

بنەماڵەی سەید عەلی خۆی لە ‌بنەڕەتدا سەربە بنەماڵەی باباتاهیری هەمەدانی شاعیری ناوداری كوردە، بۆیە ئەو شاعیرەش كاریگەریی زۆر لەسەر دروست كردووە.

سەید عەلی ئەسغەر لە ساڵی 1905 لەگەڵ مەحشەرەف خانم ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و سێ كوڕ و دوو كچیان بووە، نازناوی كوردستانیش مەبەست پارێزگای سنەیە، چونكە ئه‌و كات فارسەكان بە سنەیان ده‌گوت كوردستان و ئەوەش شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو كورد و نەتەوەكانی تری ئێران .

لە ژیانی حوجرە و فەقێیەتیدا سه‌ید عه‌لی ، سەرسامی بابا تاهیر بووە، شیعرەكانی ئەوی بە ئاوازەوە خوێندووە و قورئانیشی بە دەنگە بەرزەكەی خۆی خوێندووە، موناجات و مەقام و سروودی ئاینی گوتووە، ئەمە بەرە بەرە سەید عەلی هێناوەتە ناو دنیای هونەر، كاتێك خەڵك بە بەبەردەوام وەسفیان كردووە و هانیان داوە ئەو دەنگەی ون نەكات و بەكاری بهێنێت.

سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی بە چڕینی شاكارەكانی وەك  "جانی جانم وەرە، ئەی رەفیقانی تەریقەت، غەمگین و دڵپەشێوم، هەی نابێ نابێ" پایەیەكی بەهێزی هونەری ره‌سه‌نی بۆ كورد جێگیر كرد، خەت و خاڵی هونەرێكی نەمری بۆ كورد دروست كرد كە ئێستاش وەك فێرگەیەك هونەرمەندانی گەنجی كورد لێییەوە فێر دەبن و لاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌ .

 

 

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.