وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی پەسندكردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدڕالی بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە ئومێدەوارن ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت لە چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەنراوەكەدا رایگەیاند "پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کوتایی دۆسیەی نەوت دەزانین".
راشیگەیاند "ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان".
هەروەها رایگەیاند "ئومێدەوارین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كار بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و تێپەڕاندنی تەواوی کێشەکان و ئامادەکردنی رێكارە تەكنیكییەكانی بكات".
دوێنێ یەكشەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، دەنگ بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕالی درا.
بڕگەی 12ی یاساكە تایبەت بوو بە هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی بڕگەكە دووبارە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێمی كوردستانیش بە 16 دۆلار دیاری كرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.