ڕۆژی هەینی 31ی کانونی دووەمی 2025، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ خولی 48ەمینی پانۆرامای خولی گشتگیری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ (UPR) کۆتایی هات.
ئەمڕۆ بە بەشداری دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێم و خالید شوانی، وەزیری دادی حکومەتی فیدرال و باڵیۆز عەبدولکەریم هاشم، نوێنەری هەمیشەییی عێراق لە جنێڤ و نوێنەرانی دامودەزگەکانی حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێم، ئەو ڕاسپاردانەی ئاراستەی شاندی کۆماری عێراق کراون پەسەند کران، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو پێداچوونەوە بە ژمارەیەک ڕاسپاردە کرا.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 27ی کانونی دووەمی 2025، نوێنەرانی وڵاتان ڕاسپاردە و سەرنجەکانی خۆیان پێشکەش بە شاندی حکومەتی فیدرال و هەرێم کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بەشداریی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەکانی لیژنەی ترۆیکا و پسپۆڕانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بوون بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە ئاراستەی عێراق کراون و دووبارە داڕشتنەوە و یەکخستنیان.
لە خولی (48)ەمینی پانۆرامای خولی گشتگیر 263 ڕاسپاردە لە بوارە جیاجیاکان ئاراستەی کۆماری عێراق کراون کە، پێویستە لە ماوەی داهاتوودا هەڵوێستی خۆی بە قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەیان بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ڕابگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە خولی (49)ی پانۆرامای خولی گشتگیر کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.
شایەنی باسە لیژنەی ترۆیکا لە نوێنەرانی چیلی، بۆرۆندی و دوورگەکانی مارشاڵ پێکهاتووە و بەرپرسە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی کۆماری عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.