ئەمڕۆ 31ی کانونی دووەمی2025
لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ خولی (48)ەمینی پانۆرامای خولیی گشتگیری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ (UPR) کۆتایی هات.
ئەمڕۆ بە بەشداری دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێم و خالی شوانی وەزیری دادی حکومەتی ئیتحادی و باڵیۆز عەبدولکەریم هاشم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە جنێڤ و نوێنەرانی دام و دەزگاکانی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم ئەو ڕاسپاردانەی ئاڕاستەی شاندی کۆماری عێراق کراون پەسەند کران، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو پێداچوونەوە بە ژمارەیەک ڕاسپاردە کرا.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 27ی کانونی دووەم نوێنەرانی وڵاتان ڕاسپاردە و سەرنجەکانی خۆیان پێشکەش بە شاندی حکومەتی ئیتحادی و هەرێم کرد، لە چەند ڕۆژی رابردوودا بە بەشداری حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەکانی لیژنەی ترۆیکا و پسپۆڕانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بوون بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە ئاڕاستەی کۆماری عێراق کراون و دووبارە داڕشتنەوە و یەکخستنیان.
لە خولی (48)ەمینی پانۆرامای خولی گشتگیر (263) ڕاسپاردە لە بوارە جیاجیاکان ئاراستەی کۆماری عێراق کراون کە پێویستە لە ماوەی داهاتوودا هەڵوێستی خۆی بە قبوڵ کردن و رەت کردنەوەیان بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی لە خولی (49)ی پانۆرامای خولی گشتگیر کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.
شایەنی باسە لیژنەی ترۆیکا لە نوێنەرانی چیلی، بۆرۆندی و دوورگەکانی مارشاڵ پێکهاتووە و بەرپرسە لە ئامادە کردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی کۆماری عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.