نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆلەندا کۆبووەوە.
لە بەردەواميی کار و چالاکیيەکانی نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتيی ئەوروپا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتيی ئەوروپا، بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتيی، ڕۆژى شهممه 25ى كانوونى دووهمى 2025، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆلەندای کرد و لەگەڵ گووسێ کۆرتهالس-ئاڵتێس، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئهفریقيا، هەروهها بەرپرسی بەشی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە کۆبووەوە.
لەمیانەی دیدارەکەدا نوێنەری حکومەت له يهكێتيى ئهوروپا دوایین پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایشى ناوچەکەيه.
سەبارەت بە پرسی سووریاش، ڕۆلی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لەیەکنزیککردنەوەی لایەنە کوردیيەکان باسیان لێوە کرا، بە مەبەستی گەرەنتیکردنی مافی گەلی کورد لە سووریا و پێکهاتەکانی تری ئەو وڵاتە.
لە بەشێکی ديكهى دیدارەکە نوێنەری حکومەت بەوردی باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مادەی 140ی دەستووری عێراق کرد و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خستەڕوو.
لایەنه هۆڵەنداييهكان هەوڵەکانی سەرکردایەتيی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش و لەیەکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکانی بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە کە هۆڵەندا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە شەری دژی داعش و ڕيفۆرم لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.