Erbil 4°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 01:18

شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ سۆراغ و پڕۆسەی گەڕانەوەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە لە بەغدایە

100%

ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەیەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی بەغدای كرد.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و هاوكات چرۆ حەمە شەریف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاوەری شاندەکەی کرد، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراقی فیدراڵیان کرد و لەلایەن شۆڕش خالید بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە باڵوێزان پێشوازیان لێ کرا.

دواتر کۆبوونەوەیەك لەنێوان بۆردی منداڵە ونبووکانی هەڵەبجە و ستافی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ و سەرۆکی فەرمانگەی کونسوڵگەری و باڵوێزی عێراق لە کۆماری ئیسلامی ئێران و نوێنەری هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتی تەندروستی لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەنجامدرا.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان تیشکی خستەسەر ناوەڕۆک و مەبەستی سەردانەکە و ئاماژەی دا بە گرنگی پرسی منداڵە ونبووەکان لەنێوان حکوومەتی عێراق و هەرێم بە مەبەستی هەماهەنگی و هاوکاری هەردوولا،بۆ سۆراغ و گەڕانەوەی منداڵە ونبووەکان بە پێی پێوەرە یاساییەکان، لەو بارەیەوە بە گرنگییەوە باسی لە پێویستی هەماهەنگی کرد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

پاشان لەلایەن ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە گفتوگۆی چڕ و پڕ کرا لەسەر چۆنیەتی میکانیزمی گونجاو بۆ ئەوەی ڕێگایەکی پێویست بۆ چارەسەری ئەو پرسە بگیرێتەبەر.

دواتریش وەزیری کاروباری شەهیدان لەگەڵ محەمەد حوسین بەحر ئەلعلووم بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق كۆبووەوە، لە دیدارەكەدا باس لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق بە تایبەتی پرسی شەهیدان و زیندانیان و منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە کرا.

هەردوولا جەختیان لە پشتگیری و پشتیوانی بۆ کەسوکاری قوربانیانی گەلی کوردستان.

بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکە، سبەینێ ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەکانی شاندەكە بەردەوام دەبن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.