ئەمڕۆ چوارشەممە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ ستیڤ بیتنەر کونسـوڵی گشتیی ئەمریکا و کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لـە کونسوڵخانەی ئەمریکا، راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەمریکا و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، بەشداربوون لـە مەراسیمی کردنەوەی چەند هۆڵێکی سەربازیی گرنگ و پێویست بۆ بارەگای فیرقەی دووی پیادە، کە لەلایەن ڕێکخراوی سپریتی ئەمریکی بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بنیاتنراوە.
لەو مەراسیمەدا وەزیری پێشمەرگە وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی کونسوڵخانەی ئەمریکا و راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا و هەموو ئەو رێکخراوانە دەکەین کە پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانن.
وەزیری پێشمەرگە هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆک دۆناڵد ترامپ کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک 47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: ئومێد دەکەین هاریکاریی و پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام و فراوانتربێت.
کونسوڵی گشتیی ئەمریکا وتەیەکی پێشکەش کرد رایگەیاند: دڵخۆشین ئەمڕۆ لێرە ئامادەین بۆ کردنەوەی چەند هۆڵێکی سەربازیی بۆ پێشمەرگە کە لەلایەن رێکخراوی سپریتی ئەمریکی جێبەجێکراوە ئەمەش پەیامی بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکایە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
لە کۆتاییدا، وەزیری پێشمەرگە ستایشی فەرماندەی فیرقە و ئەفسەران و پلەدارانی کرد لە بەرامبەر هەوڵی بەردەوامیان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بە دامەزراوەییکردنی فیرقەی دوو، هەروەها هیوایی سەرکەوتنی بۆ خواستن و پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ دووپاتکردنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.